سەرەکی / چالاکییەکان
پێنجوێن شاری فێربوون
ئەمڕۆ ڕێکەوتی ١٧-١٢-٢٠٢٤ دەستەی باڵای ئەندامانی بۆردی بەڕێوەبردنی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون، سەردانی بەڕێز دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبکر پارێزگاری سلێمانیان لە دیوانی پارێزگای سلێمانی کرد بەمەبەستی ئاڕاستەکردنی سوپاس و پێزانینی بەڕێز پارێزگاری سلێمانی، لەکاتێکدا لەماوەی ڕابردوودا سەرۆکایەتی شاندی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون بوو لە شەشەمین کۆنگرەی شارەفێربوونەکانی جیهان کە لە شاری جوبەیلی شانشینی سعودییە ئەنجامدرا، لەم دیدارەدا گفتوگۆ لەسەر دوابەشداریی بۆردی پێنجوێن؛ شاری فێربوون بە سەرۆکایەتیی پارێزگاری سلێمانی بۆ شەشەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتیی یونسکۆ بۆ شارەکانی فێربوون کرا. بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی بۆردی بەڕێوەبردنی پێنجوێن؛ شاری فێربوون، سوپاسی هەوڵ و بەشدارییەکانی پارێزگاری سلێمانیان کرد، پارێزگاری سلێمانی سوپاس و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ سەرخستنی ئەم هەوڵە شایستانە دووپاتکردەوە.
لە ڕێکەوتی ١٦-١٢-٢٠٢٤ کۆڕی (هۆشیاری و بەرپرسیارێتی)لەژێر چاودێری قائمقامیەتی قەزای سەیدسادق، ڕێکخراوی ئازادی لاوانی کوردستان - سەنتەری قەزای سەیدسادق بە هاوبەشی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون لە لایەن بەڕێز پ.ی.دکتۆر محمدخانییەوە پێشکەشکرا.
پ.ی.دکتۆر محمدخانی کۆڕێکی تایبەت بە "فێربوونی بەردەوام" پێشکەش کرد لە کۆڕێکدا کە ڕێکەوتی ١٥-١٢-٢٠٢٤ لە هۆڵی بۆنەکانی شارۆچکەی پێنجوێن بەڕێوەچوو، پسپۆڕی پەروەردە د. محمدخانی جەختی لەسەر گرنگی فێربوونی بەردەوام وەک کلیلێکی گرنگ بۆ پێشکەوتنی کەسی و پیشەیی کردەوە.
لە درێژەی زنجیرە چالاکییەکانی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون ڕێکەوتی ١٥-١٢-٢٠٢٤ بەڕێز پ.ی.دکتۆر محمدخانی بەسێ پایەیی گرنگ بەهاکان و خێزان و کۆمەڵگە ناحیەی گەرمکی سەربە قەزای پێنجوێنی پرشنگدارتر و بەهرەوەرکرد.
ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٥-١٢-٢٠٢٤، شاری جوبەیل، شانشینی سعودیە، چالاکییەکانی دواهەمین ڕۆژی شەشەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتیی یونسکۆ بۆ شارەکانی فێربوون ICLC6، بەبەشداریی کاراو بەرهەمدارو دیاری شاندی بۆردی سەرپەرشتیی پێنجوێن؛ شاری فێربوون.
ڕێکەوتی ٤-١٢-٢٠٢٤ ئەندامانی بۆردی باڵای (پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون) بە سەرۆکایەتی بەڕێز (د.هەڤاڵ ئەبوبکر) پارێزگاری سلێمانی و شاندی یاوەری لەگەڵ بەڕێز (ئیزابێل کێمبێف) بەڕێوەبەری پەیمانگای شارەکانی فێربوون لە یونسکۆ کۆبونەوە، لەم کۆبونەوەیەدا گفتوگۆ کرا سەبارەت بەو میکانیزمانەی چۆن پێنجوێن ببێتە ئەندام لە شارەفێربوونەکانی جیهان لە یونسکۆ، ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە بەڕێز (ئیزابێل کێمبێف) بەڕێوەبەری پەیمانگای شارەکانی فێربوون لە یونسکۆ خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو هەنگاوە دەربڕی و بەڵێنی هاوکاری و دروستکردنی هەماهەنگی لەگەڵ (پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون) دەربڕی. بەوهیوایەیی ئەم کۆبونەوە و لێکتێگەیشنانە هەرچی زووە و لەماوەیەکی نزیکدا ببێتەهۆی ئەوەی پێنجوێن وەک یەکەم شاری کوردستان و عێراق ببێتە شارەفێربوونەکانی جیهان لە یونسکۆ.
لەیەکەم ڕۆژی کۆنگرەی شەشەمی شارەفێربوونەکانی جیهان، ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٣-١٢-٢٠٢٤ لە شاری جوبەیل، شانشینی سعودیە، بە ئامادەبوونی بەڕێزان ئەندازیار خالید بن محەمەد ئەلسالم سەرۆکی دەستەی شاهانەی جوبەیل و یەنبوع و، ئەندازیار مەحمود بن ساڵح ئەلزیب سەرۆکی جێبەجێکاری دەستەی شاهانەی جوبەیل و، سەرۆک و بۆردو پارێزگارو مایەرو بەرپرسی سێ سەد شاری فێربوونی ئەندام لە پەیمانگای یونسکۆ بۆ فێربوون بە درێژایی ژیان، د، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی سەرۆکی شاندی بۆردی سەرپەرشتیی پێنجوێن؛ شاری فێربوون، بە سەرۆکایەتیی بەڕێز زانا ڕەحمان و ئەندامێتیی بەڕێزان حاجی حەبیبی کانی شابان و د. عەبدولفەتاح هەورامیی و د. ڕەوف کەریم، بەشداریکرد لە شەشەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتیی یونسکۆ بۆ شارەکانی فێربوون ICLC6 لە شاری جوبیلی شانشینی سعودیە، هەوڵەکانیان بۆ بە ئەنجامگەیاندنی ئەو هەوڵە شایستانەی لە شاری پێنجوێن لەلایەن بۆردی سەرپەرشتیی پێنجوێن؛ شاری فێربوون و دەستەبژێرێکی خۆبەخشی خەڵکە جوامێرو هۆشیارو دڵسۆزەکەیەوە دەستیپێکراوە، بەچڕی لەگەڵ سەرۆکایەتیی و بڕیاردەرانی یونسکۆو شارە ئەندامە بەشدارەکاندا؛ دەستپێکرد، بەو ئامانجەی پێنجوێن وەک شاری فێربوون، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، لە یونسکۆ؛ تۆمار بکرێت.
ئێوارەی ڕۆژی ٢-١٢-٢٠٢٤ گەیشتنی شاندێک بەسەرپەرشتی پارێزگاری سلێمانی وبەشداری دەستیەک لە ئەندامانی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون،بۆ شارەکانی دەمام و جوبەیل، شانشینی سعودیە، بەمەبەستی بەشداریکردن لە شەشەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتیی یونسکۆ بۆ شارەکانی فێربوون ICLC6 لە شاری جوبەیلی شانشینی سعودیە، بەو ئومێدەی ئەو هەوڵە شایستەیەی لە شاری پێنجوێن لەلایەن بۆردی سەرپەرشتیی پێنجوێن؛ شاری فێربوون و دەستەبژێرێکی خۆبەخشی زاناو زرنگ و خەڵکە جوامێرو هۆشیارو دڵسۆزەکەیەوە دەستیپێکراوە، بگاتە ئەنجام و ئامانج و، پێنجوێن وەک شاری فێربوون، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا؛ تۆمار بکرێت.
وەفدێکی باڵای پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون بە سەرۆکایەتیی پارێزگاری سلێمانی د.هەڤاڵ ئەبوبکر ، لە ژێر چاودێریی بەڕێز خادمی دوو حەرەمە پیرۆزەکە شا سەلمان بن عەبدولعەزیز ئال سعود پاشای سعودیەدا، بانگهێشتی شەشەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتیی یونسکۆ بۆ شارەکانی فێربوون ICLC6 لە شاری جوبەیلی شانشینی سعودیە دەکرێت، بەو ئومێدەی ئەو هەوڵە شایستەیەی لە شاری پێنجوێن لەلایەن دەستەبژێرێکی خۆبەخشی زاناو زەنگین و زرنگ و خەڵکە جوامێرو هۆشیارو دڵسۆزەکەیەوە دەستیپێکراوە، بگاتە ئەنجام و ئامانج و، پێنجوێن وەک شاری فێربوون، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا؛ تۆمار بکرێت. جێی باسە لەئێستادا ئەو وەفدە بەڕێزە لە ئێستادا لەشاری جوبەیلی شانشینی سعودیەن بەمەبەستی بەشداریکردن لەو کۆنفڕانسە جیهانییەدا.
بەمەبەستی ئەنجامدانی كاری هاوبەشی مرۆیی و پەروەردەیی و ژینگەیی و تەندروستی، پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ زانكۆی سلێمانی واژۆكرد. ڕۆژی ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، یاداشتنامەكە لەنێوان (حەبیب مەحمود ساڵح) دامەزرێنەر و ئەندامی بۆردی باڵای پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون و (پ.ی.د.زانا مەحمود) یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا واژۆكرا. لەمیانەی ڕێوڕەسمەكەدا، (پ.ی.د زانا مەحمود) ئاماژەی بەگرنگی پڕۆژەكە كرد و وتی: “هیوادارین ئەم یاداشتنامەیە تەنیا لەسەر وەرەقە نەمێنێتەوە و كاری هاوبەش و ئیشی باشی بەدوادا بێت”. هەر لەوبارەیەوە، (حاجی حەبیب مەحمود ساڵح) ئەندامی بۆردی باڵای پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون لە لێدوانێكدا بۆ “سایتی زانكۆ” وتی: “ئەم هەماهەنگییە لەگەڵ زانكۆی سلێمانی بۆ ئێمە مایەی خۆشحاڵییە، چونكە هەر شوێنێك زانكۆ بۆ كاری پەروەردەیی لای لێبكاتەوە، گرنگی زۆرتری هەیە”. وتیشی: “ئەم پڕۆژەیە كارێكی مرۆییە و دەمانەوێت خزمەتی مرۆڤ بكەین، دڵنیاشین زانكۆی سلێمانی هەر شتێك، كە خزمەتی هاووڵاتیان و ئەم نیشتمانە بكات، گرنگی پێدەدات، بۆیە بەخۆشحاڵییەوە حەزمان كرد ئەم یاداشتی لێكتێگەیشتنە واژۆ بكەین”. جێی باسە، پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون لە ساڵی ٢٠١٨ بە چاندنی نەمام دەستیپێكرد، دواتر پڕۆگرامی پەروەردەیی و تەندروستی بۆ زیادكرا و ڕێكاری كارگێڕی بۆ گیرایەبەر و دەست بەجێبەجێكردنی كرا. لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیەدا تائێستا ٤١ هەزار نەمام لە شارۆچكەی پێنجوێن چێنراوە، شەش هەزار و حەوت سەد كەسیش، سودمەندبوون لە خولی پەروەردەیی و تەندروستی و ژینگەیی و منداڵان و چەند بوارێكی دیكە.
ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٧- ١١ - ٢٠٢٤ بە ئامادەبوونی بەڕێز (هێمن ئیبراهیم) قائمقامی قەزای پێنجوێن بە وەکالەت و شاندێک کە پێک هاتبوون لە ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرپەرشتیارانی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون سەردانی بەڕێز د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانیان کرد. بەمەبەستی بەدەستهێنانی پشتگیری بەڕێز پارێزگاری سلێمانی تاکو هەوڵبدرێت لە ئایندەدا شارۆچکەی پێنجوێن ببێتە ئەندام لە تۆڕی جیهانی شارە فێربوونەکانی یونسکۆ. لە میانی دیدارەکەدا گفتوگۆ سەبارەت بە دوایین هەوڵەکان بۆ تۆمارکردنی پێنجوێن وەک شارێکی فێربوون لە یونسکۆ کرا و، هەروەها بەشداریکردنی شارەکە لە کۆنفرانسی ساڵانەی یونسکۆ بۆ شارەکانی فێربوون لە جوبەیلی شانشینی سعودیە کە وا بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەنجام بدرێت. لەکۆتایشدا بە سوپاسەوە پارێزگاری سلێمانی پاڵپشتی و پێزانینی تەواوی خۆی بۆ پڕۆژەکە دەربڕی.
بەمەبەستی پیرۆزبایی بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی زانکۆکانی عێراق ،وەفدێک بەنوێنەرایەتی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون سەردانی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی کرد . لەگەڵ چەپکە گوڵی سەرکەوتن ،پەیامی پیرۆزبایی پڕۆگرامەکەیان پێشکەش بەبەڕێز (پرۆفیسۆر دکتۆر کۆسار محمد) سەرۆکی زانکۆ کرد. ئەمەی خوارەوە دەقی پیرۆزباییەکەیە: پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون پیرۆزبایی پێشكەش بەسەرۆك و سەرجەم مامۆستایانو فەرمانبەرانو خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی دەکات، بە بۆنەی بەدەستهێنانی پلەی یەكەم لەسەر ئاستی زانكۆكانی عێراق بەپێی ریزبەندی (Times Higher Education)ی بەریتانی. ئەم سەرکەوتنە ،دەستكەوتێكی گەورەو مێژوییە بۆ شاری سلێمانی بەتایبەتیو هەرێمی كوردستان بەگشتی. بەهیوای سەركەوتنی زیاتر بۆ زانكۆی سلێمانی .
بەرواری٢-١٠-٢٠٢٤ سیمینارێکی تایبەت و گرنگ ئەنجامدرا لە لایەن بەڕێز(گەشتیار غریب) دامەزرێنەری پرۆژەی کارسازی شادمان،کە ماوەی سیمینارەکە (٢کاتژمێر)ی خایاند تێیایدا جەختکردن لەسەر بڕیاردان و جۆر و شێوازەکانی بڕیاردانی دروست باس کرا. بە ناوی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون زۆر سوپاس بۆ بەڕێز(گەشتیار غریب)بۆ کاتەی تەرخانی کرد بەپرۆژە و فێرخوازەکان.
پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون سیمینارێکی تایبەت بە منداڵان و نەوجەوانان، بۆ بەڕێز (هەتاو عزیز) ئەنجامدا، لەم سیمینارەدا منداڵان ئاگادار کرانەوە لە زۆر بەکارهێنانی یارییە ئەلکترۆنییەکان و زیانەکانی و هاوکات چەندین یاری دەروونی ئەنجامدرا و سودێکی تایبەتی بە منداڵان بەخشی .. زۆر سوپاس بۆبەڕێز (هەتاو عزیز) بۆ پێشکەش کردنی سیمینارەکە.
٣-٩-٢٠٢٤ بە ئامادە بوونی ژمارەیەک لە خانمان و لاوانی شارۆچکەی پێنجوێن سیمینارێکی تایبەت لە ژێر ناونیشانی(گەنج و دەرفەتەکان) لە لایەن بەڕێز(د.محمد خانی) سازکرا کە تیایدا باس لە دەرفەتەکانی ژیان و هەوڵدان بۆ باشترکردنی ژیانی گەنجان کرا