2025-05-20
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی
ڕێوڕەسمی وەرگرتنی بڕوانامەی دیبلۆمی نێودەوڵەتی
پێنجوێن - لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا، خانمانی بەشداربووی خولی "کارامەیی جەستەیی و دەروونی" (بەردو و ئاو) بڕوانامەی دیبلۆمی نێودەوڵەتیان وەرگرت کە لەلایەن پڕۆگرامی "پێنجوێن شاری فێربوون"ەوە ڕێکخرابوو.
ئەم خولە بەهەماهەنگی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون و سەنتەری کۆمەڵناسی و دەرونناسی زانکۆی سلێمانی و پەیمانگای GADAKUی نێودەوڵەتی هۆڵەندی ئەنجامدرا
خولەکە کە دوو ڕۆژی خایاند و لە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممەی ئەم مانگی ئایارە ئەنجامدرا، لەلایەن مامۆستا بێریڤان جمال حمە سعیدەوە پێشکەشکرا و تێیدا چەندین تەوەری گرنگی تەندروستی جەستەیی و دەروونی خانمان خرایەڕوو.
مامۆستا بێریڤان لە وتەیەکیدا ڕایگەیاند: "ئامانجی سەرەکیی ئەم خولە بەهێزکردنی توانا جەستەیی و دەروونییەکانی خانمانە بۆ ئەوەی بتوانن ژیانێکی تەندروست و دوور لە فشاری دەروونی بگوزەرێنن."
لە ماوەی خولەکەدا، بەشداربووان فێری چەندین تەکنیکی نوێی پاراستنی تەندروستی و مامەڵەکردن لەگەڵ فشارە دەروونییەکان بوون، وەک ڕاهێنانی هەناسەدان بۆ ئارامبوونەوە و چۆنیەتی ڕێکخستنی کاتەکانی ڕۆژانە بۆ کەمکردنەوەی ستریس.
شایەنی باسە کە ئەم خولە بەشێکە لە زنجیرە چالاکییەکانی پڕۆگرامی "پێنجوێن شاری فێربوون" کە گرنگی بە گەشەپێدانی کەسایەتی تاک و پەرەپێدانی هوشیاری کۆمەڵایەتی دەدات لە ناوچەکەدا.