چالاکییەکان

سەرەکی / چالاکییەکان

چالاکی

پێنجوێن شاری فێربوون

٢٢ تشرینی دووەم ٢٠٢٥
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی - نهۆمی دووەم

خولێکی دووڕۆژی تەندروستی سەبارەت بە دەرمانزانی کۆتاییهات.

بەشی تەندروستی لە پرۆگرامی پێنجوێنی شاری فێربوون، ئەمڕۆ خولێکی دوو ڕۆژەی تایبەتمەندی لە بواری دەرمانزانی بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهێنا. ئەم خولە تەندروستییە کە بە سەرپەرشتی بەڕێز (لوقمان لەتیف)، بەرپرسی بەشی تەندروستی ڕێکخرابوو، تایبەت بوو بە کارمەندانی تەندروستی و دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان. ڕاهێنەری بەتوانای خولەکە، مامۆستا (هاوڕێ ساڵح)، تیشکی خستە سەر بابەتی "بنەماکانی دەرمانزانی و گرووپە باوەکانی دەرمان"، کە بابەتێکی زۆر گرنگە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بەکوالیتی. خولەکە لە ماوەی ٢٠ و ٢٢ی تشرینی دووەم لە هۆڵی پرۆگرامی پێنجوێن (نهۆمی دووەمی کتێبخانەی گشتی) بەڕێوەچوو، لە کاتژمێر ٨:٣٠ بۆ ١١:٣٠ی بەیانی. لە کۆتایی خولەکەدا، هەموو بەشداربووان بڕوانامەی بەشداریکردنیان وەرگرت، وەک بەڵگەیەکە لەسەر بەردەوامبوونیان لە پەرەپێدانی توانای پیشەییان. هاوکات قەڵغانی سوپاس و پێزانین بەخشرایە بەڕێز مامۆستا (هاوڕێ ساڵح)، ڕاهێنەری بەتوانای ئەم خولە، کە بە زانست و ئەزموونی خۆی ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا لە سەرکەوتنی ئەم بەرنامە تەندروستییە. هەروەها سوپاسی گەرمیشمان هەیە بۆ بەڕێز (لوقمان لەتیف)، بەرپرسی بەشی تەندروستی، کە بە دڵسۆزی و بەردەوامی خزمەتی شارۆچکەی پێنجوێن دەکات و بە سەرپەرشتی خۆی ئەم خولەی بە سەرکەوتوویی ڕێکخست. بە ڕاستی بڕیاری ئەوان و هەوڵە بێوچانەکانیان بنەمایەکی بەهێزە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە شارەکەماندا.
٢٠ تشرینی دووەم ٢٠٢٥
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی - نهۆمی دووەم
١٨ تشرینی دووەم ٢٠٢٥
پێنجوێن - ناحیەی ناڵپارێز - کتێبخانەی دواناوەندی ناڵپارێزی تێکەڵاو

گەنجێکی پێنجوێنی لە فێرخوازەوە بۆ فێرکار

چیرۆکی سەرکەوتنێکی ئیلهامبەخش پێنجوێن ناحیەی ناڵپارێز ١٨-١١-٢٠٢٥ لە دڵی گوندی (گوڵانی سەروو)ی ناحیەی ناڵپارێز، گەنجێک توانی بە خەون و پێداگرییەکەی، چیرۆکێکی سەرکەوتنی نوێ بنووسێت کە ئەمڕۆ بووە سەرچاوەی ئیلهام بۆ هاوتەمەنەکانی. لە بێدەنگیەوە بۆ دەنگی بەرز: (گەشتی (هەستیار ڕزگار دەستپێدەکات. هەستیار ڕزگار ، گەنجێکی تەمەن ١٧ ساڵان، ئەو پێشتر ئەم کەسە نەبوو کە ئەمڕۆ لەسەر شانۆی هۆڵی کتێبخانەی قوتابخانەکەی وەستاوە. بەڵکو ئەو تەنانەت چەند مانگێک لەمەوبەر، نەیدەتوانی بە ئاسایی لەبەردەم چەند کەسێکدا قسە بکات. بەڵام ئەمڕۆ، بە دڵنیاییەکی سەرسوڕهێنەرەوە، یەکەم سیمیناری خۆی پێشکەشی دەیان خوێندکاری چاوەڕوان و تامەزرۆ دەکات. ئەم گۆڕانکارییەش بەرهەمی بەشداریکردنی بەردەوامی ئەو بووە لە زیاتر لە ١٠ چالاکی و خول و سیمیناری پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون - پڕۆگرامێک کە نەک تەنها زانیاری دەبەخشێت و بەس، بەڵکو گەنجان دەگۆڕێت بۆ باشتر. ئەوەی سیمیناری هەستیار تایبەت دەکات، ئەوە نییە کە چی دەڵێت، بەڵکو بۆ کێ و بە کێی دەیڵێت. ئەو وەک وەفایەک دەستپێکی سیمینارەکەی تەرخان کردووە بۆ یادی دوو قارەمانی نەمر: شەهید بێستون عەبدوڵا و شەهید ئالان یوسف. بە دەنگێکی پڕ لە هەستەوە، دەستی بە سیمینارەکە کرد و گوتی: "ئەمڕۆ من لێرە نیم تەنها بۆ ئەوەی باس لە ژینگە بکەم، بەڵکو بۆ ئەوەی نابێت ئەو کەسانە لەبیر بکەین کە ژیانیان بۆ ئەم سروشتە جوانە بەخت کرد. ئەوان نەمردوون، هەرگیز "ژینگەدۆستانی ڕاستەقینە نامرن، جیاوازییەک دروستدەکەن کە بۆ نەوەکان دەمێنێتەوە." کاتێک ووشەکان دەبن بە چالاکی ناوەڕۆکی سیمیناری هەستیار ساکار نەبوو - ئەو زیانگەیاندنی کەرەستە و پاشماوە لەکارکەوتووەکان بە شێوەیەکی ڕوون و لێهاتوو ڕوونکردەوە. بە هێنانی بەڵگە و پاتری لەکارکەوتوو وەک نموونە، گەنجەکان ئاگادار دەکاتەوەلە پیسبوونی ژینگە لەڕێگەی ئەم کەرەستە لەکارکەوتوانەوە کە نموونەیەکی بچوکی تێکدانی ژینگەن لەنێو چەندان نموونەی دیکەی ژیانی ڕۆژانە . هۆڵی کتێبخانەی دواناوەندی ناڵپارێز ئەمڕۆ شایەتی ڕووداوێکی تایبەت بوو. خوێندکارانی قوتابخانەکانی ناوچەکە بە چڕی و سەرنجێکی بێ وێنە گوێیان لە گەنجە سەرکەوتووەکە گرت. لەکۆتاییدا سوپاسی هەستیار ڕزگاریانکرد لەپای پێشکەشکردنی ئەم سیمینارە سوپاسگوزاری لە ناو دڵسۆزی پێنجوێن شاری فێربوون سوپاسی تایبەت بۆ: بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزای پێنجوێن بەڕێوەبەر و مامۆستایانی قوتابخانەی ناڵپارێز بۆ ئامادەکردنی زەمینە و هاندانی خوێندکاران هەموو ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بە توانای گەنجانی ئەم ناوچەیە هەیە پێنجوێن شاری فێربوون: لە کوێوە هاتووە، بۆ کوێ دەچێت؟ پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون تەنها پڕۆگرامێکی ساکار نییە - ئەم پڕۆگرامە هەوڵێکی گرنگە و دەیەوێت دەیان گەنجی وەک هەستیار دروست بکات. بە پێشکەشکردنی چالاکی و خول و سیمیناری جۆراوجۆر لە بوارە جیاوازەکاندا، ئەم پڕۆگرامە هەوڵدەدات گەنجانی ناوچە لاوەکییەکان نەک تەنها فێر بکات، بەڵکو بیانگۆڕێت بە گۆڕەرانی کۆمەڵگا. پەیامێک بۆ هەموو گەنجێک چیرۆکی هەستیار ڕزگار بەڵگەیەکی زیندووە لەسەر ئەوەی کە سەرچاوە، زیرەکی سروشتی نییە - بەڵکو هەوڵ وخەباتە. ئەگەر تۆش گەنجێکی خاوەن خەونی، یان هەست دەکەیت تواناکانت سنووردارن ، ئەوا با ئەم چیرۆکە ببێتە ئیلهامێک بۆت: "هەرگیز درەنگ نییە بۆ دەستپێکردن. بچووکترین هەنگاو دەتوانێت ببێتە گەشتێکی مەزن." ڕێز و سەرکەوتنی زیاتر بۆ هەستیار ڕزگار و هەموو گەنجانی پێنجوێن کە هیوا و بەردەوامی بۆ ئاکامێکی باشتر دروست دەکەن! --------------------
١٥ تشرینی دووەم ٢٠٢٥
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی - نهۆمی دووەم

دەستپێکردنی خولی ڕاهێنەرایەتی TOT تایبەت بە ڕاهێنەرانی خۆبەخش نێو دەوڵەتی لە پێنجوێن

پێنجوێن - لە هەنگاوێکی گرنگدا، بۆ پەرەپێدانی توانا و باشترکردنی کوالێتی فێرکردن، بەرێوەبەرایەتی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون ئەمڕۆ خولێکی تایبەتی ڕاهێنەرایەتی بۆ ڕاهێنەرانی خۆبەخشی خۆی دەستپێکرد. وردەکارییەکانی خول: ڕاهێنەری نێودەوڵەتی : محمد میرانی - شارەزا لە بواری ڕاهێنان شوێنی بەڕێوەچوون: کتێبخانەی گشتی پێنجوێن، نهۆمی دووەم کاتی دەستپێکردن: کاتژمێر ١:٣٠ی دوای نیوەڕۆ ئەم خولە بە مەبەستی بەهێزکردنی لێهاتوویی ڕاهێنەرانی خۆبەخش و دابینکردنی ڕێگە و شێوازی نوێی ڕاهێنەرایەتی دەستپێکراوە، کە بێگومان کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر ئاستی خزمەتگوزاری پەروەردەیی لە شارەکەدا دەبێت. TOT (Training of Trainers) وەک ستراتیژییەکی کاریگەر بۆ دروستکردنی نەخشەیەکی بەردەوام لە ڕاهێنەرانی شارەزا دادەنرێت، کە توانای گواستنەوەی زانیاری و شارەزاییان بۆ خەڵکانی زیاتریان هەیە. ئەم خولە پشتگیرییەکی گەورەیە بۆ پەرەپێدانی کەسایەتی و پیشەیی ئەو ڕاهێنەرە خۆبەخشانەی کە بە خۆویستی خۆیان لە خزمەتی پەروەردە و فێرکردن و ڕاهێناندان.
٨ تشرینی دووەم ٢٠٢٥
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی - نهۆمی دووەم

هاوبەشییەکی نوێ بۆ داهاتوویەکی سەوزتر

پێنجوێن شاری فێربوون ٨-١١-٢٠٢٥ - لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ پەروەردەیەکی بەردەوام و ژینگەپارێز، پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون دەستی هاوبەشی بەرفراوان درێژکرد بۆ کۆمەڵگەی پەروەردەی کوردی ئەمریکی (KAFS)، لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکی تایبەتدا کە ئامانجی پەرەپێدانی پەروەردەی کشتوکاڵی و ژینگەدۆستی لە ماڵەوە بۆ قوتابخانە. ئەم هەوڵەدا تیشک خراوەتە سەر گرنگی پەروەردەی ژینگەیی و چۆنیەتی گەیاندنی بیرۆکەی بەرپرسیارێتی سەبارەت بە سروشت بۆ نەوەی داهاتوو. کە بە ڕێباز و شێوازێکی زانستی دروست و ژینگەدۆستی و ژیاندۆستی جێبەجێدەکرێت، وەک پردێک دەبێت بۆ بەستنەوەی فێربوون بە ژیانی ڕۆژانە. پڕۆگرامی پێنجوێن، بە پشتگیری و پشتیوانی تەواوی خۆیەوە، ڕێگە بۆ ئەم دەستپێشخەرییە خۆبەخشییانە خۆش دەکات. لە کۆتایی کۆبوونەوە فەرمییەکەدا، لایەنەکان بەڵێنیان دا کە پڕۆژەی پەروەردەی ژینگەیی، بە هاوکاری و هاوبەشی هەردوو لایەن، لە قۆناغی کوفتارەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنی ڕاستەقینە.
٥ تشرینی دووەم ٢٠٢٥
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی - نهۆمی دووەم

شکار عومەر "پێداویستییەکی تایبەت و شانازییەکی زۆر زۆر تایبەت"

شکار عومەر خەڵاتی ڕێزلێنانی یەکەم لە پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی مەسڵشۆی هەولێر بەدەستهێنا لە ڕووداوێکی شایانی ستایش، شکار عومەر، گەنجێکی خاوەن پێداویستی تایبەت، توانی خەڵاتی ڕێزلێنانی یەکەمی پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی مەسڵشۆی هەولێر بەدەستبهێنێت. ئەم سەرکەوتنە بەتەنها شانازییەکی گەورەیەنیە بۆ خۆی، بەڵکو بۆ هەموو کەسانی خاوەن ئیرادەی بەهێز. جێگەی سەرنجە کە کاکە شکار لە ئاستی عێراقدا ڕکابەری نییە و بە شێوەیەکی بێهاوتا لە (بواری تایبەت)ی خۆیدا یەکەمە. ئەوەی ئەم سەرکەوتنە جیادەکاتەوە ئەوەیە کە شکار لە سەرەتادا نەیدەتوانی بە باشی ڕێبکات و بڕوات، بەڵام بە هەوڵی بێوچان و ڕاهێنانی بەردەوام توانی ئەم کۆسپانە تێپەڕێنێت. ڕۆڵی بنەڕەتی ڕاهێنەر ڕێکەوت فازیڵ ئەم سەرکەوتنە، بە هەوڵێکی گەورەی ڕاهێنەری بەتوانا ڕێکەوت فازیڵ دادەنرێت ، کە بە هەوڵ و پشتیوانی خۆی توانیویەتی شکار بگەیەنێتە ئەم ئاستە نێودەوڵەتییە. ڕێکەوت فازیڵ باوەڕی بە تواناکانی شکار هەبووە و بە ڕاهێنانێکی تایبەت و پلانێکی دروست، ئەم گەنجەی گەیاندووەتە ئاستێک کە ئێستا بەشداری لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکاندا دەکات. ئەم چیرۆکە نموونەیەکی ڕاستەقینەیە لەسەر ئەوەی کە ئیرادەی بەهێز و پشتیوانی گونجاو دەتوانن هەر کۆسپێک تێپەڕێنن و خەونەکان بکەنە ڕاستی.
٦ تشرینی دووەم ٢٠٢٥
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی - نهۆمی دووەم

پێنجوێن بەرەو ناسنامەیەکی جیهانی: هەنگاوێکی نوێ لە ڕێگای فێربوونی بەردەوام..

ئەمڕۆ، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لە دیوانی پارێزگادا، بە ئامادەبوونی بەڕێزان بۆردی سەرپەرشتی پێنجوێن شاری فێربوون، پێشوازیکرد لە وەفدی فەرمیی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی عیراقی فیدراڵ. لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەسەر هەوڵەکان بۆ تۆمارکردنی پێنجوێن وەک یەکێک لە شارەکانی پرۆگرامی فێربوون بە درێژایی تەمەنی ڕیکخراوی یونسکۆ کرا. وەفدی میوان پشتیوانیی و پێزانینی خۆیان بۆ پارێزگای سلێمانی و قائمقامیەتی قەزای پێنجوێن و بۆردی پێنجوێن شاری فێربوون و خەڵکی جوامێری پێنجوێن دەربڕی. لەم بۆنە گرنگەدا، سوپاسی تایبەتمان بۆ بەڕێز د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و وەفدی بەڕێز وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی عیراقی فیدراڵ دەربڕین، بۆ ئەو پشتیوانییە بێوچانەیان لەم پرۆژە نیشتمانییەدا. هیوادارین ئەم هەنگاوە میراتیەکی گەشاوە بۆ نەوەکانی داهاتوو بێت و پێنجوێن بە شارێکی نموونە لە بواری فێربوون و گەشەپێدانی مرۆیی بەردەوامبێت. سەرکەوتن بۆ هەموو لایەنێک کە لەم کارەگرنگ و شارستانییەدا بەشداربوون.
٥ تشرینی دووەم ٢٠٢٥
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی - نهۆمی دووەم

پڕۆگرامی پێنجوین شاری فێربوون، پێشوازی لە وەفدێکی فەرمیی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقی کرد.

بەئامادەبوونی بەڕێزان قایمقامی قەزای پێنجوین، بەڕێوەبەری پەروەردەی پێنجوین، و ژمارەیەک لە سەرپەرشتیاران و بەرپرسان وخۆبەخشانی پڕۆگرامی پێنجوین شاری فێربوون پێشوازی کرا لە وەفدێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی عێراقی فیدراڵ . وەفدەکە بەسەرپەرشتی دکتۆر علی کامل لە فەرمانگەی نێردەری پەیوەندییە کلتورییەکان و بە هاوڕێیەتی دکتۆر عەدنان و دکتۆرە زەینەب . لە دانیشتنێکی ڕاوێژکاریدا کە لەگەڵ تیمی پڕۆگرام و خۆبەخشەکان دا ئەنجامدرا، تیایدا گفتوگۆ لەسەر گرنگترین چالاکیی و بۆنەکان کرا کە لە چوارچێوەی پڕۆگرامەکەدا جێبەجێکراون، کە ڕۆڵیان لە بەهێزکردنی پەروەردە و گەشەپێدانی ناوخۆییدا هەبووە. لە کۆتایی دیدارەکەدا، وەفدی میوان سوپاس و پێزانینی خۆیان دەربڕی بۆ ئەو هەوڵانەی کە لەلایەن بەرپرسانی پڕۆگرامەکەوە دەدرێت، بەهۆی ئەو دەستکەوتە تایبەتانەی کە بەدەستهاتوون ، بەشدار دەبن لە گەشەپێدانی بواری مرۆیی و پەروەردە لە قەزای پێنجوێن. هەروەک وەفدی وەزارەت جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی گشتگیرکردنی ئەم ئەزموون ونمونەیە لە ناوچەکانی تر لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق. پاشان بە سەردانێکی فەرمیی قائمقامییەتی پێنجوێن، کۆتایی بە سەردانی وەفدەکە بۆ شارۆچکەی پێنجوێن هات. سوپاسی تایبەت بۆ هەموو ئەوانەی بەشدار دەبن لەپێشخستنی پێنجوین تاببێت بە نموونەیەکی شایانی خوازراو لە پەروەردە و گەشەپێدان!
٥ تشرینی دووەم ٢٠٢٥
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی - نهۆمی دووەم

لە مەراسیمێکی نمونەیی و شایستەدا، زیاتر لە ٧٥ گەنج و لاوی شارۆچکەی پێنجوێن خەڵاتکران.

پێنجوێن ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ لە ڕێوڕەسمێکی شکۆدار و پڕشنگداردا، کە ئاوێتەیەک بوو لە شانازی و پێزانین، ئەمڕۆ لە شارۆچکەی پێنجوێن زیاتر لە ٧٥ گەنجی داهێنەر و چالاکی بواری وەرزش و پەروەردە بە قەڵغانی ڕێزلێنان و دەستخۆشی خەڵاتکران. ئەم بۆنە تایبەتە بە ئامادەبوونی نوێنەری تایبەت و نێردراوی ئەکادیمی خوێندنی باڵای حکومەتی عێراق، قائیمقامی قەزای پێنجوێن، و بەڕێوەبەری پەروەردەی پێنجوێن و ژمارەیەک لە کەسایەتییە حکومیەکانی ناوچەکە بەڕێوەچوو، کە هەموویان شایەتی ئەو ڕۆڵە گرنگە بوون کە لاوان لە پێشخستنی کۆمەڵگادا دەیگێڕن. ئەم ڕێوڕەسمە، کە بەشێک بوو لە پڕۆگرامی هەمیشەیی "پێنجوێن شاری فێربوون"، نەک تەنها وەک ڕێگەیەک بۆ هاندانی زیاتری گەنجان سەیر دەکرێت، بەڵکو پەیامێکی بەهێزیشە بۆ جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی پشتگیریکردنی بەردەوامی توانای لاوان لەم شارۆچکەیەدا. ئامادەبوونی ئەم نوێنەرە دیارانەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوە حکومییەکان، نیشانەی ئاشکرای بایەخدانی جیهانی و نیشتمانییە بە ڕۆڵی گەنجانی پێنجوێن و ئارەزووی بەردەوامیان بۆ گەشەپێدانی ئەم شارۆچکە خۆشەویستە. ئەم دەستکەوتە گەورەیە وەک نموونەیەکی درەوشاوە بۆ ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە و گەواهی دەدات لەسەر ئەو کاریگەرییە ئەرێنییە بێسنوورەی کە گەنجان دەتوانن لە بنیادنانی داهاتوویەکی گەشاوە و پڕ لە هیوا بۆ نیشتمانەکەیان ڕۆڵیان هەبێت. پیرۆزبایی لە هەموو ئەو گەنجە بەهرەمەندانە دەکەین. هیوای بەردەوامی و سەرفرازی و سەرکەوتن بۆ سەرجەم گەنج و لاوانی نیشتمان و جیهان دەخوازین.
١٩ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی - نهۆمی دووەم

سیمینارێکی پەروەردەیی لە پێنجوێن ئەنجامدرا.

پێنجوێن - پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، سیمینارێکی تایبەتی لەژێر ناونیشانی "سێگۆشەی پەروەردە: خوێندکار و مامۆستا و خێزان" بەڕێوەبرد. ئەم چالاکییە پەروەردەییە کە لە کاتژمێر ٢:٠٠ی پاشنیوەڕۆدا لە هۆڵی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون لە نهۆمی دووەمی کتێبخانەی گشتی پێنجوێن ئەنجامدرا، بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندی نێوان سێ پایەیی سەرەکیی پرۆسەی پەروەردە - خوێندکاران، مامۆستایان و خێزانەکان - ڕێکخرابوو. بەڕێز دکتۆر محەمەد خانی وەک بێژەری سەرەکیی، بابەتە پەروەردەییەکانی شیکردەوە و ڕێنماییە بەسوودەکانی پێشکەش کرد بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی پەروەردەیی باشتر. ئامادەبوانی سیمینارەکە توانیان تێگەیشتنی قووڵتر بەدەست بهێنن لەسەر ڕۆڵی هەر یەک لەم سێ لایەنە لە سەرکەوتنی پرۆسەی خوێندن و فێربوون. ئەم بەرنامەیە بەشێکە لە چالاکییە بەردەوامەکانی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەروەردە لەم شارەدا.

هاوبەشەکان