الأنشطة

الرئيسية / الأنشطة

چالاکی

پێنجوێن شاری فێربوون

٨ تشرینی دووەم ٢٠٢٥
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی - نهۆمی دووەم

هاوبەشییەکی نوێ بۆ داهاتوویەکی سەوزتر

پێنجوێن شاری فێربوون ٨-١١-٢٠٢٥ - لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ پەروەردەیەکی بەردەوام و ژینگەپارێز، پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون دەستی هاوبەشی بەرفراوان درێژکرد بۆ کۆمەڵگەی پەروەردەی کوردی ئەمریکی (KAFS)، لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکی تایبەتدا کە ئامانجی پەرەپێدانی پەروەردەی کشتوکاڵی و ژینگەدۆستی لە ماڵەوە بۆ قوتابخانە. ئەم هەوڵەدا تیشک خراوەتە سەر گرنگی پەروەردەی ژینگەیی و چۆنیەتی گەیاندنی بیرۆکەی بەرپرسیارێتی سەبارەت بە سروشت بۆ نەوەی داهاتوو. کە بە ڕێباز و شێوازێکی زانستی دروست و ژینگەدۆستی و ژیاندۆستی جێبەجێدەکرێت، وەک پردێک دەبێت بۆ بەستنەوەی فێربوون بە ژیانی ڕۆژانە. پڕۆگرامی پێنجوێن، بە پشتگیری و پشتیوانی تەواوی خۆیەوە، ڕێگە بۆ ئەم دەستپێشخەرییە خۆبەخشییانە خۆش دەکات. لە کۆتایی کۆبوونەوە فەرمییەکەدا، لایەنەکان بەڵێنیان دا کە پڕۆژەی پەروەردەی ژینگەیی، بە هاوکاری و هاوبەشی هەردوو لایەن، لە قۆناغی کوفتارەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنی ڕاستەقینە.
٥ تشرینی دووەم ٢٠٢٥
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی - نهۆمی دووەم

پڕۆگرامی پێنجوین شاری فێربوون، پێشوازی لە وەفدێکی فەرمیی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقی کرد.

بەئامادەبوونی بەڕێزان قایمقامی قەزای پێنجوین، بەڕێوەبەری پەروەردەی پێنجوین، و ژمارەیەک لە سەرپەرشتیاران و بەرپرسان وخۆبەخشانی پڕۆگرامی پێنجوین شاری فێربوون پێشوازی کرا لە وەفدێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی عێراقی فیدراڵ . وەفدەکە بەسەرپەرشتی دکتۆر علی کامل لە فەرمانگەی نێردەری پەیوەندییە کلتورییەکان و بە هاوڕێیەتی دکتۆر عەدنان و دکتۆرە زەینەب . لە دانیشتنێکی ڕاوێژکاریدا کە لەگەڵ تیمی پڕۆگرام و خۆبەخشەکان دا ئەنجامدرا، تیایدا گفتوگۆ لەسەر گرنگترین چالاکیی و بۆنەکان کرا کە لە چوارچێوەی پڕۆگرامەکەدا جێبەجێکراون، کە ڕۆڵیان لە بەهێزکردنی پەروەردە و گەشەپێدانی ناوخۆییدا هەبووە. لە کۆتایی دیدارەکەدا، وەفدی میوان سوپاس و پێزانینی خۆیان دەربڕی بۆ ئەو هەوڵانەی کە لەلایەن بەرپرسانی پڕۆگرامەکەوە دەدرێت، بەهۆی ئەو دەستکەوتە تایبەتانەی کە بەدەستهاتوون ، بەشدار دەبن لە گەشەپێدانی بواری مرۆیی و پەروەردە لە قەزای پێنجوێن. هەروەک وەفدی وەزارەت جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی گشتگیرکردنی ئەم ئەزموون ونمونەیە لە ناوچەکانی تر لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق. پاشان بە سەردانێکی فەرمیی قائمقامییەتی پێنجوێن، کۆتایی بە سەردانی وەفدەکە بۆ شارۆچکەی پێنجوێن هات. سوپاسی تایبەت بۆ هەموو ئەوانەی بەشدار دەبن لەپێشخستنی پێنجوین تاببێت بە نموونەیەکی شایانی خوازراو لە پەروەردە و گەشەپێدان!
٢٥ کانوونی دووەم ٢٠٢٥
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی

کاری ئەمڕۆ مەسپێرە بە سبەی..

(دەرمانێکی کاریگەر بۆ دەردێکی درێژخایەن). ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٢٥-١-٢٠٢٥ لە پێنجوێن - سیمینارێکی گرنگ و پەروەردەیی سەبارەت بە دەرمانی کاردواخستن بەڕێوەچوو، کە تیایدا (گەشتیار غەریب)، کە خاوەنی چەندین نوسین و کتێبی وەڕگێردراوی بواری مامەڵە و بزنسە لە سێکتەرە جیاجیاکانی ژیاندا، باسی دەرمانی کاردواخستنی لە بوارە پەروەردەیی و بزنسییەکان کرد. بەشداربووان زانیاری بەسوودیان لەسەر ئەم بابەتە گرنگە وەرگرت. لە سیمینارەکەدا چەمکەکانی دواخستن و کاریگەرییەکانی لە بوارەکانی پەروەردە و بزنسدا شیکرانەوە. بەشداربووان دەرفەتی ئەوەیان بوو پرسیار بکەن و زانیاری زیاتر وەربگرن. کاری ئەمڕۆ مەسپێرە بە سبەی ... (دەرمانێکی گرنگە بۆ دەردێکی درێژخایەن). ئەم چالاکییە بەشێک بوو لە هەوڵەکانی پەرەپێدانی زانست و ئەزموون لە بوارەکانی پەروەردە و بزنسدا. لە کۆتاییدا سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی بەڕێز گەشتیار غەریب و زێوەر غەریب کرا کە خاوەنی بزنسێکی گرنگ و سەردەمیین بەناوی (کارسازی شادمان)، کە لەبواری ڕاوێژ و پەرەپێدانی بزنسدا کاردەکەن.
٢ تشرینی دووەم ٢٠٢٣
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی

خولێکی کارگێڕی ئەنجامدرا بۆ بەڕێوەبەری قوتابخانەکانی سنوری پەروەردەی پێنجوین ئەنجامدرا.

زیرەکی سۆزداری و کاریگەریەکانی لەبواری بەڕێوەبردندا.. لە کاتێکدا زۆربەی بەڕێوەبەران و کارمەندان گرنگی بە لێهاتوویی تەکنیکی دەدەن، دوو کەسایەتی دیاری بواری دەروونناسی و کارگێڕی، پ.ی.د. محمدی خانی و پ.ی.د. عبدالفتاح هەورامی، لە سیمینارێکی تایبەتدا پەردەیان لەسەر نهێنی سەرکەوتنێکی گەورەتر لادا - زیرەکی سۆزداری. لەم سیمینارە دەوڵەمەندەدا، کە وەک پردێک وابوو لە نێوان زانست و هونەری بەڕێوەبردندا، بەشداربووان فێری ئەوە بوون چۆن هەستەکانیان بەشێوەیەکی کاریگەر بەکاربهێنن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کارایی و داهێنان لە ژینگەی کارکردندا." تێبینی : سوپاسی بێ پایان بۆ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پێنجوێن کە هەمیشە هاوکار و هەماهەنگ بوون و هەمووکات بەدەم خزمەتی زیاتری کەرتی پەروەردەوەبوون هاوکاتیش پاڵپشتیەکی گەورە و کاریگەری پڕۆژەی پێنجوێن شاری فێربوونن.
٢١ ئاب ٢٠٢٤
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی

سیمیناری "نهێنی سەرکەوتن لە کاروباری کارگێڕیدا"

بە سەرکەوتوویی سیمینارێکی گرنگ لە بواری کارگێڕی بە ناوی "نهێنی سەرکەوتن لە کاروباری کارگێڕیدا" بەڕێوەچوو، کە لە بەرواری ٢١-٨-٢٠٢٤ لەلایەن پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر عبدالفتاح هەورامی پێشکەشکرا. لەم سیمینارە زانستییەدا، پێشکەشکار تیشکی خستە سەر گرنگی لایەنی سۆزداری لە بواری کارگێڕی و بەڕێوەبردندا و چۆنیەتی کاریگەری ئەم لایەنە لەسەر کاری فەرمانبەران. دکتۆر هەورامی باسی لەوە کرد کە هوش سۆزداری و تێگەیشتن لە هەستی کەسانی دیکە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و سەرکەوتن لە شوێنی کاردا. بەشداربووان، سوودیان لە ناوەڕۆکی سیمینارەکە وەرگرت و چەندین پرسیار و تێبینیان پێشکەشکرد لەسەر چۆنیەتی پەرەپێدانی تواناکانیان لە ڕووی مامەڵەکردن لەگەڵ هاوکاران و چارەسەرکردنی کێشە کارگێڕیەکان. جێی باسە کە ئەم جۆرە سیمینارانە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە پەرەپێدانی کارامەییەکانی فەرمانبەران و بەڕێوەبەران و یارمەتیدەرن بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی کاری تەندروست و بەرهەمدار لە دامەزراوەکاندا.

الشركاء