لە لایەن پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوونەوە (٥) ئامێری پێشکەوتووی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی گشتیی پێنجوێن دابیندەکرێت.


لە درێژەی هەنگاوە مرۆیی و خزمەتگوزارییە بەردەوامەکانی پڕۆگرامی "پێنجوێن شاری فێربوون"دا، قۆناغێکی نوێی خزمەتکردنی کەرتی تەندروستی لە دەڤەرەکە دەستی پێکرد و لە مەراسیمێکی شکۆمەنددا، پێنج ئامێری پێشکەوتووی پزیشکی پێشکەشی نەخۆشخانەی گشتیی پێنجوێن کران.
بەسوپاسەوە دکتۆر ڕەنج ئازاد بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی پێنجوێن، بەدڵسۆزییەوە بەشدار و هاوکاربووە لەم هەڵمەتە و بەڕێوەبردنی ئامێرەکانیان، لە نەخۆشخانە لە ئەستۆد گرتووە.
مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای حیزبی و حکومی، بەڕێوەبەر و نوێنەرانی فەرمانگەکانی شارۆچکەکە، پزیشکان، کەسایەتییە خێرخوازەکان و ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی دڵسۆزی دەڤەرەکە بەڕێوەچوو.
ئەم پڕۆژە مەزنە بە ئامادەبوون و پشتگیریی بەڕێز د. صباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، بە هەماهەنگیی نزیک لەگەڵ قایمقامی پێنجوێن و بەڕێوەبەری نەخۆشخانە، و بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی بەرپرسی بەشی تەندروستیی پڕۆگرامەکە خرایە خزمەت هاووڵاتییانەوە، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی توانای پزیشکیی نەخۆشخانەکە و پاراستنی ژیانی هاووڵاتییانی خۆشەویستی دەڤەرەکە.
پێکهاتەی ئامێرە بەخشراوەکان:
ئەم بەخشینە پێکدێت لە (٥) ئامێری پزیشکیی هەستیار و پێویست، بە سەرجەم لوازم و پێداویستییەکانیانەوە:
🟠 پاکێجی تەواوی مەمۆگرام (Mammography System): بۆ پشکنین و دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک و پاراستنی تەندروستیی دایکان و خوشکان.
🟠 ئامێری ئیکۆی دڵ (Echocardiography): بۆ پشکنینی ورد و پزیشکیانەی دڵ و بۆڕییەکانی خوێن.
🟠 ئامێری پشکنینی سییەکان (Pulmonary Function Test - PFT): بۆ هەڵسەنگاندنی تەواوی ئەرک و توانای هەناسەدان و کارکردنی سییەکان.
🟠 ئامێری هۆڵتەری چاودێریی دڵ (Holter Monitor): بۆ چاودێریکردنی بەردەوامی لێدانی دڵ لە ماوەی دیاریکراودا.
🟠 ئامێری هێڵکاریی دڵ (ECG - Electrocardiogram): بۆ پێوانی خێرا و وردی چالاکیی کارەبایی دڵ.
بەردەوامی و دابینکردنی دەستەبەری کارکردن:
بۆ دڵنیابوون لە بەڕێوەچوونی کارەکان بە شێوازێکی زانستی و بەردەوام، سێ کارمەندی ڕاهێنراو لەلایەن پڕۆگرامەکەوە تەرخان کراون بۆ کارکردن لەسەر ئامێرەکان و سەرجەم مووچە و شایستە داراییەکانیان مانگانە لەلایەن پڕۆگرامەوە دابین دەکرێت.
دەستکەوتە مرۆییەکان:
دابینکردنی ئەم ئامێرە پێشکەوتووانە، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە کەرتی تەندروستیی ناوچەکەدا دروست دەکات و کۆتایی بەو ئازارە دەهێنێت کە پێشتر نەخۆشەکان بۆ وەرگرتنی ئەم پشکنینانە ناچاربوون سەردانی شارەکانی دیکە بکەن. ئەم خزمەتگوزارییە گەورەیە، چرای ئومێد لە دڵی سەدان خێزاندا دەگەشێنێتەوە.
لە کۆتاییدا، سوپاس و پێزانینی بێپایان ئاراستەی سەرجەم ئەو خێرخواز و دڵسۆزانە دەکەین کە بە پشتگیری و بەخشندەیی بێوێنەیان، هەمیشە پشتیوان و هاریکاری ئەم پڕۆژە مرۆییانە بوونە و چرای هیوایان لە پێنجوێن داگیرساندووە.

هاوبەشەکان