
تەواوبوونی خولی فێرکاریی بنەماکانی داتابەیس.
پهروهرده
پێنجوێن - ئەمڕۆ ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، خولێکی تاییبەت بە فێربوونی بنەماکانی داتابەیس کە بە ماوەی ٥ ڕۆژ و ١٥ کاتژمێر بەڕێوەچوو، بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات. ئەم خولە کە لەسەر بنەمای بەرنامەی مایکرۆسۆفت ئەکسێس (Microsoft Access) ئامادە کرابوو، ئامانجی فێرکردنی زانیاریی بنەڕەتی و کاریگەری لەبارەی دروستکردن و بەڕێوەبردنی داتابەیسەوە بوو. بەشداربووان لە ماوەی ١٥ کاتژمێردا چۆنیەتی کارکردن لەگەڵ یەکێک لە گرنگترین بەرنامەکانی بەڕێوەبردنی داتایان فێربوو. خولەکە لەلایەن بەڕیز مامۆستا (هیوا عمر حسن) مامۆستای زانکۆوە پێشکەش کرا، کە بە شارەزاییەکی بەرز و شێوازێکی کاریگەر بابەتەکانی خولەکەی ڕوونکردەوە. لە کۆتایی خولەکەدا، هەموو بەشداربووان بڕوانامەی بەشداریی خۆیان وەرگرت، کە بەڵگەیەکی فەرمییە بۆ ئەوەی کە بە سەرکەوتوویی خولەکەیان تەواو کردووە و توانای کارکردنیان لەگەڵ مایکرۆسۆفت ئەکسێس بەدەستهێناوە. بەشداربووان زۆر سوپاسی بەڕیز مامۆستا هیوا عمر حسنیان کرد بۆ ووتنەوەی ئەم خولە سوودبەخشە، هەروەها هیوای سەرکەوتنی زیاتریان بۆ لە کارە ئاکادیمی و پیشەییەکانیدا خواست. ئەم جۆرە خولانە گرنگییەکی زۆریان هەیە لە پەرەپێدانی توانای کارمەندان و قوتابیان لە بواری تەکنەلۆژیادا، بەتایبەتی لە بواری بەڕێوەبردنی داتاکاندا کە یەکێکە لە بواری گرنگەکانی سەردەمی ئێستا.