چالاکییەکان

سەرەکی / چالاکییەکان

چالاکی

پێنجوێن شاری فێربوون

2025-06-30
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی

سیمیناری "چۆن ژیانمان واتادار بکەین؟" لە پێنجوێن بەڕێوەچوو.

لە چوارچێوەی پڕۆگرامی فێرکردنی بەردەوامی شاری فێربوون، دوو سیمیناری تایبەت لەژێر ناونیشانی "چۆن ژیانمان واتادار بکەین؟" لە شاری پێنجوێن بەڕێوەچوون. ئەم سیمینارە گرنگانە لەلایەن پ.ی.دکتۆر عەبدولفەتاح هەورامیەوە پێشکەشکران، کە بە شارەزایی و ئەزموونی فراوانی خۆیدا بابەتەکەی بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش بۆ بەشداربووان ڕوونکردەوە. ئەم سیمینارانە بەشێک بوون لە پڕۆگرامە فێرکردنییەکانی پێنجوێن شاری فێربوون، کە ئامانجی گەشەپێدانی توانا کەسایەتی و کۆمەڵایەتییەکانی هاوڵاتیانە. بابەتی "چۆن ژیانمان واتادار بکەین؟" یەکێکە لە گرنگترین بابەتەکان کە پەیوەندی بە کوالیتی ژیان و دۆزینەوەی مانا و ئامانج لە ژیاندا هەیە. ئەم سیمینارانە تایبەت بوون بە خانمانی بەشداربووی خولی درومانی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون، کە بەدەرفەتێکی نایابی دەزانین بۆ: - فێربوونی شێوازی نوێی بیرکردنەوە لەسەر ئامانجەکانی ژیان. - باسکردنی ڕێگاکانی دۆزینەوەی مانا لە ڕۆژانەی ژیان. - بەرزکردنەوەی ئاستی خۆناسین و خۆگەشەپێدان. ئەم سیمینارانە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە گەشەپێدانی توانا کەسایەتییەکانی ئەو خانمانەی بەشداری خولی درومان دەکەن، کە کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر ئاستی فێربوون و پەرەپێدانی کەسایەتییان.

link

2025-02-27
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی

سیمیناری زاڵبوون بەسەر فشاری دەروونیدا.

ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٢٧-٢-٢٠٢٥، سیمینارێکی تایبەت بە ناونیشانی "چۆن زاڵببین بەسەر فشاری دەروونیدا" لە هۆڵی پێنجوێنی شاری فێربوون ئەنجامدرا. ئەم سیمینارە لەلایەن ڕەنگین نوری، پسپۆڕ و ڕاهێنەری بواری دەروونی، پێشکەش کرا. سیمینارەکە تیشکی خستە سەر ڕێگا نوێیەکان بۆ ناسینی سەرچاوەکانی فشاری دەروونی و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی لە ژیانی ڕۆژانەدا. ڕەنگین نوری باسی لە گرنگی کردارەکانی خاوبوونەوە و تەکنیکەکانی هەناسەدان کرد وەک میکانیزمی سەرەکی بۆ کەمکردنەوەی فشاری دەروونی. بەشداربووان چالاکانە بەشدارییان لە گفتوگۆکاندا کرد و پرسیاری جۆراوجۆریان دەربارەی بابەتەکە ئاراستە کرد. لە کۆتاییدا، گفتوگۆیەکی چڕوپڕ لە نێوان ئامادەبووان و ڕاهێنەردا ئەنجامدرا کە تێیدا ئەزموونە کەسییەکان و ڕێگاچارەکان خرانە ڕوو. لە کۆتایدا لەلایەن بۆردی باڵای پرۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون سوپاس و ڕێز بەخشرایە (ڕەنگین نوری) پسپۆڕ و ڕاهێنەری بواری دەروونی.

2025-02-20
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی

زیرەکی دەستکرد و داهێنانێک بۆ داهاتوو ..

لە درێژەی کاروچالاکییەکانی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون، ئەمڕۆ بەرواری ٢٠-٢-٢٠٢٥ ، وۆرکشۆپێکی گرنگ سازکرد سەبارەت بە کاریگەری و گرنگی زیرەکی دەستکرد لە ژیانی داهاتووماندا. وۆرک شۆپەکە لەلایەن بەڕێز (پرۆفیسۆر دکتۆرە نهلە محمد سعید)ەوە پێشکەش کرا کە بەڕێزیان "مامۆستا و توێژەر لە دەستەی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی وتۆیژینەوەی زانستین". لە وۆرک شۆپەکەدا تیشک خرایە سەر ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی کە زیرەکی دەستکرد لە بوارەکانی تەندروستی، پەروەردە، پیشەسازی و ژیانی ڕۆژانەماندا دروستی دەکات. هاوکات باس لە دەرفەتە نوێیەکان و ئاستەنگەکانی بەردەم پەرەسەندنی زیرەکی دەستکرد کرا. هەروەها گرنگی ئامادەبوون بۆ ئەو گۆڕانکارییانە و چۆنیەتی سوود وەرگرتن لەم تەکنەلۆژیا نوێیە دەخرێتە ڕوو. لە کۆتایدا لە لایەن ئەندامی بۆردی باڵای پرۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون سوپاس و ڕێز بەخشرایە بەڕێز(پرۆفیسۆر دکتۆرە نهلە محمد سعید) هیوای سەرکەوتنی بۆ ئەخوازین.

2025-02-05
شانشینیی سعودییە - ئەحسا

پێنجوێن بەشداری دیداری شارە داهێنەرەکانی جیهان دەکات لە یونسکۆ..

🔸ئەمڕۆ، شاری ئەحسا؛ شاری داهێنەری پیشە دەستییەکان لە یونسکۆ، شانشینی سعودیە، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لە سەر بانگهێشتنامەی فەرمیی بەڕێزان ئەمیندارێتیی پارێزگای ئەحسای شانشینی سعودیەو بەچاودێریی و ئامادەبوونی بەڕێزان میر سعود بن تەڵال بن بەدر ئال سعود خاوەنشکۆی شاهانەو پارێزگاری ئەحساو، ئەندازیار عيسام بن عەبدوللەتیف ئەلمولا ئەمینداریی شاری ئەحساو سەرۆکی شارە داهێنەرەکانی یونسکۆ بۆ پیشە دەستییەکان و هونەرە میللییەکان و پارێزگارانی شارە داهێنەرەکانی یونسکۆ لە جیهاندا، بەسەرۆکایەتیی شاندی کوردستان و پارێزگای سلێمانی (شاری داهێنەری ئەدەب لە یونسکۆو شاری 🔸پێنجوێن کاندید بۆ وەرگرتنی نازناوی شاری فێربوون لە یونسکۆ)، بە ئەندامێتیی بەڕێزان 🪪دکتۆر عەبدولفەتاح هەورامیی نوێنەری بۆردی پێنجوێن؛ شاری فێربوون و ئەندازیار شەماڵ ئەبوبەکر بەرپرسی ژوری سلێمانی شاری داهێنەری ئەدەب لە یونسکۆ، بەشدارییان کرد لە مەراسیمی کردنەوەی دیداری نێودەوڵەتیی یونسکۆ بۆ بۆ پیشە دەستییەکان و هونەرە میللییەکان. پارێزگاری سلێمانی و وەفدی هاوڕێی؛ زۆر بە گەرمیی و تایبەتیی لەلایەن بەڕێزان میر سعود بن تەڵال بن بەدر ئال سعود خاوەنشکۆی شاهانەو پارێزگاری ئەحساو، ئەندازیار عيسام بن عەبدوللەتیف ئەلمولا ئەمینداریی شاری ئەحساو سەرۆکی شارە داهێنەرەکانی یونسکۆ بۆ پیشە دەستییەکان و هونەرە میللییەکان و پارێزگارانی شارە داهێنەرەکانی یونسکۆ لە جیهاندا، پێشوازیکران، پارێزگاری سلێمانی خەڵاتی تایبەتیی پارێزگای سلێمانی؛ شاری داهێنەری ئەدەب لە یونسکۆو، پێنجوێن؛ شاری فێربوونی پێشکەشکردن و هەموو بەشداربووان خۆشحاڵیی خۆیان لە بەشداریکردنی وەفدی پارێزگای سلێمانی؛ دەربڕی.

2024-12-25
پێنجوێن - کتێبخانەی گشتی

دیداری پێنجوێن شاری فێربوون،

دیدارێک بەمەبەستی هەنگاونانی پێنجوێن بەرەو یونسکۆ و بەشداری سەرکەوتووانە لە کۆنگرەی شارە فێربوونەکانی جیهان. ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٢٥-١٢-٢٠٢٤ لەدیدارێکدا کە بە ئامادەبوونی بەڕێز پارێزگاری سلێمانی و قائمقامی قەزای پێنجوێن و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەر و نوێنەری فەرمانگە حکومی و حیزبی و چین و توێژە جیاجیاکانی قەزاکە دیدارێکی گرنگ و ئامانجادار ئەنجامدرا، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی شاری پێنجوێن بۆ بەدەستهێنانی ئەندامێتی تۆڕی شارە فێربوونەکانی یونسکۆ ، شاندێکی باڵای پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون بەشداری لە کۆنگرەی شەشەمی شارە فێربوونەکانی جیهان کرد کە لە شاری جوبەیلی سعودیە بەڕێوەچوو. شاندی پێنجوێن لەم کۆنگرەیەدا خستیانە ڕوو کە شارەکەیان خاوەن پێگە و پێشینەیەکی گەورەیە لە بواری پەروەردە و فێرکردن و ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ بەشداریکردن لە پڕۆسەی گۆڕینەوەی ئەزموون و شارەزایی لەگەڵ شارە فێربوونەکانی جیهان. جێی باسە، ئەندامبوونی پێنجوێن لە تۆڕی شارە فێربوونەکانی یونسکۆ دەبێتە هۆی کردنەوەی دەروازەیەکی نوێ بۆ پەرەپێدانی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە شارەکەدا و دەرفەتی زیاتر دەڕەخسێنێت بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو لەم بوارەدا. بەم شێوەیە، پێنجوێن هەنگاوێکی گرنگی ناوە بەرەو ئاستی نێودەوڵەتی و چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا ببێتە یەکێک لە شارە فێربوونەکانی سەر بە ڕێکخراوی یونسکۆ.

هاوبەشەکان