
پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون یاداشتنامەیەك لەگەڵ زانكۆی سلێمانی واژۆ دەكات..
چالاکیی گشتیی
بەمەبەستی ئەنجامدانی كاری هاوبەشی مرۆیی و پەروەردەیی و ژینگەیی و تەندروستی، پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ زانكۆی سلێمانی واژۆكرد. ڕۆژی ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، یاداشتنامەكە لەنێوان (حەبیب مەحمود ساڵح) دامەزرێنەر و ئەندامی بۆردی باڵای پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون و (پ.ی.د.زانا مەحمود) یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا واژۆكرا. لەمیانەی ڕێوڕەسمەكەدا، (پ.ی.د زانا مەحمود) ئاماژەی بەگرنگی پڕۆژەكە كرد و وتی: “هیوادارین ئەم یاداشتنامەیە تەنیا لەسەر وەرەقە نەمێنێتەوە و كاری هاوبەش و ئیشی باشی بەدوادا بێت”. هەر لەوبارەیەوە، (حاجی حەبیب مەحمود ساڵح) ئەندامی بۆردی باڵای پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون لە لێدوانێكدا بۆ “سایتی زانكۆ” وتی: “ئەم هەماهەنگییە لەگەڵ زانكۆی سلێمانی بۆ ئێمە مایەی خۆشحاڵییە، چونكە هەر شوێنێك زانكۆ بۆ كاری پەروەردەیی لای لێبكاتەوە، گرنگی زۆرتری هەیە”. وتیشی: “ئەم پڕۆژەیە كارێكی مرۆییە و دەمانەوێت خزمەتی مرۆڤ بكەین، دڵنیاشین زانكۆی سلێمانی هەر شتێك، كە خزمەتی هاووڵاتیان و ئەم نیشتمانە بكات، گرنگی پێدەدات، بۆیە بەخۆشحاڵییەوە حەزمان كرد ئەم یاداشتی لێكتێگەیشتنە واژۆ بكەین”. جێی باسە، پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون لە ساڵی ٢٠١٨ بە چاندنی نەمام دەستیپێكرد، دواتر پڕۆگرامی پەروەردەیی و تەندروستی بۆ زیادكرا و ڕێكاری كارگێڕی بۆ گیرایەبەر و دەست بەجێبەجێكردنی كرا. لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیەدا تائێستا ٤١ هەزار نەمام لە شارۆچكەی پێنجوێن چێنراوە، شەش هەزار و حەوت سەد كەسیش، سودمەندبوون لە خولی پەروەردەیی و تەندروستی و ژینگەیی و منداڵان و چەند بوارێكی دیكە.